خیانه‌تى هاوسه‌ر گیرى

19.10.2009
له‌گه‌ڵ دروست بوونى هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك هه‌ندىَ كێشه و گرفتیش سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و وه‌كو په‌تایه‌ك به‌رده‌وامى ده‌داته خۆى و زۆرجاریش چاره‌سه‌رى گرفتێك گرفتێكى تر‌ى له‌دواوه دێت و به‌شێوه‌یه‌ك تا ژیان به‌رده‌وام بێت كێشه‌و گرفته‌كانیش به‌رده‌وامن، زۆرجار وه‌ك كڵتورێك ده‌رده‌كه‌وێت و به كارێكى ئاسایى ده‌زانرێت، یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ى كه له كۆنه‌وه و تا ئێستا به‌رچاو ده‌كه‌وێت له كۆمه‌ڵگاى كوردى و هه‌موو كۆمه‌ڵگاكانى تریش خیانه‌تى نێوان خێزانه، كه دوو هاوسه‌ر كاتێك پێكه‌وه ده‌ژین، یه‌كێكیان ده‌ست ده‌بات بۆ خیانه‌ت كردن له هاوسه‌ره‌كه‌ى جا چ به راستى بیكات یان نه‌زانێت كه كاره‌كه‌ى ده‌چێته سنورى خیانه‌ته‌وه، بۆیه به پێویستمان زانى بۆ ئه‌مجاره‌ى گۆڤارى خازر راو سرنجى چه‌ند كه‌سێك له‌وباره‌یه‌وه‌بخه‌ینه روو .
ئاماده‌كردنى : باوكى ئه‌ریوان
دایكى عه‌لى كه هه‌ژده ساڵه شووى كردوه، له باره‌ی خیانه‌تى هاوسه‌رى ده‌لێت : كێشه‌ى نێوان پیاو و ژن هندىَ جار ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان په‌نا به‌رن بۆ كارێ كه وه‌كو تۆله له هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌كار بێنێت یا وه‌كو چه‌كێك، ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ى خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى، خۆى كاره‌كه كارێكى ره‌شه و تا بلێى به‌ت به‌ختیه له ناو كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام جیاوازى له نێوان پیاو و ژن هه‌یه، پیاو ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ى كرد لێى ده‌بوورن یان جیابوونه‌وه‌ى خێزانى رووده‌دات واتا (ته‌ڵاق)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئافره‌ت ئه‌و كاره‌ى ئه‌نجام دا ئه‌وه به‌ناوى شه‌ره‌ف له ناوى ده‌به‌ن به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت، من هێشتا نه‌مبینیوه كه‌سێك یان لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌یه بدۆزنه‌وه یان هه‌وڵى چاره‌سه‌رى بۆ بده‌ن، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگاى رۆژئاوا جیاوازى نییه له نێوان پیاو و ئافره‌ت، هیوادارم هیچ تاكێك په‌نا بۆ ئه‌و كاره نه‌بات، چونكه خیانه‌تێكه له ژیانى خۆت ده‌یكه‌یت، له به‌ر ئه‌وه‌ى هاوسه‌رت ژیانته.
موئه‌یه‌د محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حیم وه‌كو گه‌نجێكى خاوه‌ن خێزان له‌و باره‌یه‌وه ده‌لێت : ئێستا خیانه‌ت زۆر بوه كه رۆژانه ئه‌نجام ده‌درێت و هیچیشى بۆ نیه، خۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت قسه
له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه بكه‌ین كه ده‌چنه قاڵبى خیانه‌تى هاوسه‌رى زۆرن و هه‌ژمار ناكرێن، چونكه ئه‌گه‌ر پیاوێك تواناى به‌رِێوه‌بردنى یان تواناى په‌روه‌رده‌كردنى خێزانى نه‌بێت و خێزان پێك بێنێت، ئه‌وه به رای من خیانه‌تى كردوه له خۆیى و كۆمه‌ڵگا و ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێته خێزانى، دیسان بۆ ئافره‌تیش به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر بۆ شووكردن كه‌ڵكى نه‌داو پاشانیش شوویكرد ئه‌وه‌ش خیانه‌ته له به‌رامبه‌ره‌كه‌ى ده‌كات، بۆیه ووشه‌ى خیانه‌ت تاوانێكى گه‌وره‌یه، هه‌ر شتێك چوه قاڵبى راسپارده تۆ به دروستى به جێى نه‌گه‌یه‌نى به خیانه‌ت له پێنوس ده‌درێت، هه‌ر بۆیه‌ش پێشینان وتوویانه راسپارده دار و به‌رد هه‌ڵناگرىَ) به‌ڵام مرۆڤ ئه‌و باره قورسه‌ى خستۆته سه‌ر شانى خۆى ده‌بێت به‌رِێكى به‌رِێى بكات، به‌ڵام زیاتر خیانه‌تى نێوان هاوسه‌ر به‌وه هه‌ژمار ده‌كرێت حاشا له رووى داوێن پیسى، كه یه‌كێك له خێزان هه‌ستىَ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كه‌سێكى ده‌ره‌وه‌ى چوار چێوه‌ى ئه‌و خێزانه ببه‌ستىَ و دوور له ئایین كارى سێكسى ئه‌نجام بدات چ پیاو یان ئافره‌ت ئه‌وه خیانه‌تێكى گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌یى و ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ى لێوه‌ش ده‌ژیت، ئه‌م جۆره خیانه‌ته هه‌یه به‌ڵام به ژماره‌یه‌كى زۆر گه‌وره نیه، بۆ ئه‌وه‌ى بن برِبكرێت ده‌بێت په‌روه‌رده‌یه‌كى باش و ته‌ندرووست بكرێین، ئه‌ویش له رێگه‌ى ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیره‌كان چ له رێگه‌ى وتار و سمینار بیت یان به خوێندنه‌وه‌ى په‌رتووك هاوشێوه‌ى تا لامان رۆن ببێته‌وه كه خیانه‌ت چۆن پێناسه ده‌كرىَ و چیه ؟ بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان لىَ به دوور بگرین، له‌وباره‌یه‌وه ده‌بێت هه‌ر یه‌ك له ئێمه مامۆستایه‌ك بین بۆ خێزان مان و چوار ده‌ورى خۆمان تا كۆمه‌ڵگایه‌كى ته‌ندرووست دروست بكه‌ین، و به هیواى ئه‌وه‌م هه‌ر تاكێكى كۆمه‌ڵگا هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تى خۆى بكات له نێو خێزان و بگره تا سه‌ره‌وه تر .
شه‌ریهان ئیسماعیل سه‌لیم كچێكه به‌م شێوه‌یه بیر له‌و كێشه‌یه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت : نه‌بوونى پێشینه‌ى بناغه‌یه‌كى پته‌وى پرِۆسه‌ى هاوسه‌ریه، چونكه كاتێك دوو كه‌س له‌م پرِۆسه‌یه به‌شدار
ئه‌بن، له یه‌كترى تێناگه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ریه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌ك په‌روه‌رده كراون و بیر ده‌كه‌نه‌وه و لێك حاڵى نابن، ئه‌مه ده‌بێته هۆكارى یه‌كه‌مى كێشه‌یان، كه كێشه له نێوانیان رووى دا ئه‌وه پێكه‌وه هه‌ڵناكه‌ن و له‌م كاته‌ش هه‌ریه‌كه و بۆ خۆى ژیان ده‌كات، واتا هه‌رچى هاته سه‌ر رێگه‌ى ژیانى خۆى لىَ دوورناكاته‌وه، له وانه‌ش ئه‌گه‌ر رۆژێك ده‌رفه‌تى خیانه‌تى بۆ هه‌ڵكه‌وت ئه‌وه ده‌یكا و گوىَ ناداته هیچ هۆكارێك، له لایه‌كى تره‌وه خراپ په‌روه‌رده كردنى هه‌ر تاكێك له‌ڵایه‌ن دایك و باوكه‌وه، ئایا په‌روه‌رده‌یه‌كى خاوێن یان په‌روه‌رده‌یه‌كى خراپ، كه له دوارۆژ ئه‌و كه‌سه له ژیانى خۆى تآ ده‌كه‌وێت و نازانێت چۆن تآ كه‌وتوه و چاره‌یشى بۆ ناكرێت، له‌گه‌لڕ ئه‌وه‌ش هۆكار زۆره بۆ ئه‌وه‌ى ببێته پاڵپشتى كه‌سێك كه ده‌ست ده‌بات بۆ خیانه‌تى هاوسه‌گیرى، به‌هیواى ئه‌وه‌م كۆمه‌ڵگاكه‌مان دووره په‌رێز ببێته‌وه له‌و ناخۆشیه و هه‌ر تاكێك په‌یمانى نێوان هاورێكه‌ى نه‌شكێنێت .
ئومێد بۆتانى گه‌نجێكه و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت : خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى گه‌وره‌ترین گوناهه كه مرۆڤه ئه‌نجامى ده‌دات له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى چ پیاو بێت یان خود ئافره‌ت، ووشه‌ى خیانه‌ت له‌ژیانى هاوسه‌رگیرى ته‌نیا
لایه‌نى سێكسی نیه به‌ڵكو خیانه‌ت زۆر جۆرى هه‌یه، وه‌كو هه‌لبژاردنى كچێك بۆ هاوسه‌رگیرى له‌لایان كورِێك له‌سه‌ر چاوچنۆكى ماددى یان بردنى ماڵى پیاو له‌لایان ئافره‌ته‌وه بۆماڵى باوكى به‌بىَ ئاگاى پیاوه‌كه‌ى، به‌ڵام وه‌كو روون وئاشكرایه له‌كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا به‌س لایه‌نى سێكسى به‌زه‌قى ده‌بینرىَ، ئه‌وه‌ى به‌خیانه‌ت له‌قه‌له‌م نادرىَ ئه‌وه‌یه له‌پێش هه‌ڵكێشانى هه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رگیرى له‌ده‌ستى یه‌كترى كۆمه‌ڵىَ په‌یمان و به‌لێن به‌یه‌كترى ده‌ده‌ن له‌دواى به‌یه‌ك گه‌یشتنیان هه‌مووى له‌بیرده‌كه‌ن، به‌شێوه‌ێكى گشتى خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه گوناهێكى گه‌وره‌یه و ده‌بێت خۆمان دوور رابگرین لێى، چونكه زه‌ره‌ر و زیانى هه‌ر بۆ ئه‌وكه‌سه‌یه كه‌ئه‌م كاره‌ئه‌نجام ده‌دات .
سوعاد ئه‌حمه‌د یاسین ئافره‌تێكى خاوه‌ن هاوسه‌ره‌و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت : نه‌بوونى متمانه‌و برِوا به‌یه‌ك تر‌ى ده‌بێته هۆى كێشه‌یه‌كى گه‌وره، ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه ببێته هۆى
خیانه‌تى هاوسه‌رى، زۆرجار پیاو یان ئافره‌ت وا هه‌ست ده‌كات كه به‌رامبه‌ره‌كه‌ى خیانه‌تى لىَ ده‌كات و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ یه‌كێكى تر هه‌یه، به‌ڵام له راستیدا وانیه بۆیه ئه‌ویش له‌جیاتى چاوه‌رِوانى و لێكۆلێنه‌وه كه ئایا وایه یان نا، ئه‌وه له بآ ده‌سه‌ڵاتى خۆى و وه‌ك تۆله‌یه‌ك په‌نا ده‌باته به‌ر خیانه‌ت له هاوسه‌ره‌كه‌ى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رِێته‌وه بۆ هۆكارى كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌خوێنده‌وارى و تێنه‌گه‌یشتن له چوار ده‌ورى خۆى، بۆیه له‌و تێنه‌گه‌یشتنه چه‌ندین كێشه سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌رِاى من یه‌كێك له‌و كێشانه ئه‌وه‌یه كه خیانه‌ت له به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌یت، به‌هیواى ئه‌وه‌م چ پیاو یان ئافره‌ت یه‌كترى به‌باشى بخوێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له یه‌كترى حاڵى بن و نه‌بێته هۆكارى دروست بوونى كێشه، كه زۆرجار خیانه‌ت مه‌رگ له‌گه‌لڕ خۆى دێنآ به‌تایبه‌تى بۆ ئافره‌تان كه هه‌رده‌م ئه‌گه‌ر واش نه‌بێت به‌و تۆمه‌ته ده‌یكوژن به‌ناوى شه‌ره‌ف و غیره‌ت، به‌ڵام بۆ پیاوان به پێچه‌وانه‌وه بوه .
شه‌یما ته‌ها سه‌عید كچێكى فه‌رمانبه‌ره و له روانگه‌ى ئه‌و خیانه‌تى هاوسه‌رى وا پێناسه ده‌كرێت : بۆ نه‌بوونى كۆمه‌ڵگایه‌كى كراوه و به‌رفره‌وان و ئاڵوگۆرِ
كردنى مامه‌له‌ى نێوان ئافره‌ت و پیاو له رۆژانه‌ى ژیان ئه‌گه‌رِێكه كه من ده‌یبینم، ئافره‌تێك خاون به‌هره‌یه‌كى تایبه‌ته و نایه‌لن له ماڵه‌وه ده‌رچێت و به‌شدارى بكات له ناو كۆمه‌ڵگادا، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆى په‌نگ خواردنى خۆى له ناخه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ى په‌نگه‌كه بته‌قێته‌وه و خیانه‌ت بكات یان ببێته كاراكته‌رى ناخۆشى ژیانى رۆژانه‌ى، له ئاكامى ئه‌و ناخۆشیه و تاڵى ژیان، هاوسه‌ره‌كه‌ى له خۆ دوور بكاته‌وه‌و په‌نا ببات بۆ كارێكى وا، ئه‌مه من به هۆكارێكى ده‌زانم، له‌گه‌لڕ ئه‌وه‌ش ژیانى ئه‌مرِۆى كۆمه‌ڵگاى كوردى زۆر ناخۆشى تیایه كه ده‌بنه پاڵپشت بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر كارێكى به‌د ره‌وشتى كه روو بدات، زۆر جار گوىَ بیست ده‌بین لێره و له‌وىَ كه ئافره‌تێك خۆى سوتاندوه، به‌ڵام هۆكاریش مێرده‌كه‌ى نه‌بووه، وایه به‌ڵام هۆكار ناخۆشى ژیانى ئه‌و خێزانه پاڵنه‌رێكى زۆر به‌توانا بوه بۆ خۆ سوتاندنى ئه‌و ئافره‌ته، له‌گه‌لڕ ئه‌وه‌ش مه‌رج نیه هۆكارێكى كێشه دار ببێته هۆى خیانه‌تى هاوسه‌ر گیرى، نه‌خێر هه‌ندىَ جار هۆكارى پاڵنه‌ره‌كه راستى بۆ نیه و ئه‌وه‌نده بىَ بنه‌مایه به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه وه‌كو ناوێك كاره‌كه‌ى كردوه یانیش بۆ خۆشى خۆى كه ئه‌مانه ناگه‌رِێته‌وه بۆ كێشه كۆمه‌ڵاتیه‌كان، هیوادارم رێگه له ئافره‌تان نێته گرتن له كاركردنیان له ده‌ره‌وه‌ى ماڵ بۆ ئه‌وه‌ى كاردانه‌وه‌یه‌كى خراپى لىَ نه‌كه‌وێته‌وه .
مامۆستا حه‌سه‌ن جه‌ڵال مامۆستایه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و سه‌باره‌ت به باسه‌كه‌مان ده‌ڵێت : خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى ده‌توانین وا پێناسه‌ى بكه‌ین هه‌ركارێك به‌بآ ئاگادارى هاوسه‌ره‌كه‌ى ئه‌نجامى ده‌دات
خیانه‌ته، چونكه هه‌موو نهێنیه‌كانى مرۆڤ ئاشكرا نییه ته‌نها له‌لایان هاوسه‌ره‌كه‌ت نه‌بێت كه گشت شته‌كانى لا ئاشكرایه تا ده‌گاته له‌ش و جه‌سته‌ى خۆت، جا هه‌رجى ئه‌و نهێنیانه‌ى نێوان ئه‌و دوو كه‌سه بێته ئاشكرا كردن بۆ كه‌سێكى دوور تر ئه‌وه به خیانه‌ت داده‌نرێت، به‌تایبه‌تى جه‌سته كه بخرێته به‌ر ده‌ستى كه‌سێكى تر یان كارێك ئه‌نجام بده‌ى به نهێنى هاوسه‌ره‌كه‌ت كه پێویست بێت ئه‌ویش بزانێت به خیانه‌ت داده‌نرێت، به‌ڵام زیاتر بڵین ئه‌وه‌یان خیانه‌تێكى گه‌وره‌یه كه ده‌ستى كه‌سێكى تر بێنیه ناو خێزانه‌كه‌ت یان بیكه‌یه شه‌ریكى خۆت له چوار چێوه‌ى خێزانى دا و په‌یوه‌ندییه‌كى ناره‌واى له‌گه‌ڵ ببه‌ستى ئه‌وه خیانه‌تێكى زۆر گه‌وره‌یه، هۆكارو پاڵنه‌ره‌كانى زۆرن كه ده‌بنه ئه‌نجامده‌رى ئه‌وكاره، به‌تایبه‌تى له كۆمه‌ڵگا به‌ربه‌رالایه‌كان به‌ربه‌ست نه‌مێنىَ، یه‌كێك له هۆكاره‌كان كه ئێستا پاڵنه‌ره بۆ ئه‌نجام دانى ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئافره‌ت كوشتارى له سه‌ره به‌ڵام پیاو به پێچه‌وانه‌وه و دروست بوونى گازینۆكان و زۆرى ئافره‌تى داوین پیس و به‌راڵا، ئه‌وه‌ى خاون خێزان بێت ئه‌وه ده‌بێت هه‌ردووڵا سزابدرێن به‌رامبه‌ر ئه‌وكاره به‌ڵام ئێستا له په‌ناى ئازادى پیاوان شه‌وانه راده‌بوێرن له گازینۆكان بآ ئه‌وه‌ى راچاوى خیانه‌تى هاوسه‌رى بكه‌ن یان هه‌ر به كارێكى ئاسایى ده‌زانن، بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ش چاودێرى خستنه سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و كاره ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رێنمایى ده‌ركردن له لایان و ده‌زگا رۆشنبیره‌كان و رێكخراى لاوان و ئافره‌تان و هیترى كۆمه‌ڵایه‌تى كه دیارى بكه‌ن ئه‌وه تاوانێَكى گه‌وره‌یه كه له هاوسه‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌ى و زۆر زۆر نا ته‌ندروسته‌ش بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان لىَ به دوور راگرن .
دادوه‌ر جه‌ماڵ قادر سه‌عید ئه‌ندامى داواكارى گشتى له دادگاى به‌رده‌رِه‌ش ده‌ڵێت : هه‌ر جووت بوونێكى سكسى نایاسایى له نێوان پیاو ئافره‌تێكى به مێرد (به ئه‌نقه‌سد) و به
ره‌زامه‌ندى هه‌ردوو لا له كاتى هاوسه‌رگیرى به‌تاوان داده‌نرێت . و به به‌مانایه‌كى تر كارى سكسى ته‌واو له بینى پیاوێكى به ژن و ئافره‌تێك به‌مه‌به‌ستى (قێد جنائى) به تاوان داده‌نرێت .
كه‌واته ده‌ستدرێژى له عه‌رز و نامووسى كه‌سێكى تر كه یاسا پاراستیه‌تى و هه‌ر كه‌سێ پێشێل بكات دێته سزادان .
له یاساى عێراقى (المشرع العراقى) جیاوازى ده‌كرد له به‌ینى پیاو و ئافره‌ت له مه‌رجه‌كانى خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى به پێى مادده‌ى (377) كه ده‌ڵێت : ده‌بێت خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى له لایه‌نى پیاو مه‌رجه له ماڵه‌وه بێت، به‌ڵام بۆ ئافره‌ت مه‌رج نییه و له هه‌ر شوێنێك بێت خیانه‌ته، به‌ڵام ئه‌وه دووره له راستى، چونكه ده‌بێ یاسا به یه‌ك چاو سه‌یرى پیاو ئافره‌ت بكات، هه‌ر وه‌كو یاساى كوردستان به‌پێى برِگه‌ى (2) له ماده‌ى (377) ى سزادان، یه‌كسانى له‌نێوان پیاو ئافره‌ت داناوه كه تاوانى هاوسه‌رگیرى ئه‌نجام بده‌ن له‌هه‌ر شوێنێك به‌رامبه‌ر به یاسا یه‌كسان و یه‌ك سزایان ده‌بێت . و زۆربه‌ى یاساكانى مرۆڤى و ئاسمانى خیانه‌تى هاوسه‌رگیریان حه‌رام كردووه و به‌تاوان له‌قه‌له‌مى ده‌ده‌ن هه‌روه‌كو یاساى عێراقى دواى هاوسه‌رگیرى ئه‌مه به‌تاوان ده‌زانێت، چونكه مه به‌ست له پێكهێنانى ژیانى خێزانى بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و بنیاد نانه‌وه‌ى ژیان و به‌رده‌وامیدانیه‌تى، و زۆر گرنگه له‌سه‌ر بنه‌ماى خۆشه‌ویستى و رێزه‌وه پێكه‌وه بژین .
ئێمه رۆژانه گوىَ بیستى ئه‌و هه‌واڵانه ده‌بین كه ئافره‌ت ده‌كوژرێن به‌ناوى (غسل العار) واته پاككردنه‌وه له ناموس به كه‌مترین هۆ یا هاوسه‌ره‌كه‌ى و به‌ڵگه‌ى یاساییه‌وه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى بوترێت ئه‌م خێزانه یا پیاوه یان عه‌شیره‌ته به‌شه‌ره‌فن .
هه‌ندێكجار تۆمه‌ت ده‌خه‌نه پاڵ ئافره‌تێك و فشارى ده‌روونى و هه‌رِه‌شه‌ى بۆ دێنن كه خۆى بكوژێت، كه‌چى په‌نجه‌ى تاوان بۆ ئیسلام درێژده‌كه‌ن كه ئایینى ئیسلام دووره له‌م جۆره تاوانه .
مه‌رجه‌كانى جوڵانه‌وه‌ى داوا
1- نابێت داوا بێته جوڵانه‌وه بۆ (خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى) به مه‌به‌ستى سزادانى هه‌ریه‌ك له پیاو یا ئافره‌ت ته‌نیا هاوسه‌ره‌كه‌ى ئه‌و مافه‌ى هه‌یه داوا به‌رزكاته‌وه .
2- ده‌بێت ئه‌و داوایه بێته جوڵانه‌وه پێش به‌سه‌رچوونى (3) سێ مانگ له تاوانه‌كه .
3- ئه‌گه‌ر هاتوو دادخواز ویستى به‌رده‌وامبێت له‌ژیانى هاوسه‌رى له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ى، له‌گه‌ڵ زانینى به‌تاوانه‌كه ئه‌وه بۆى نیه جارێكی‌تر سكاڵا تۆمار بكات .
4- ئه‌گه‌ر هاتوو به ئاگادارى هاوسه‌ره‌كه‌ى ئه‌وكاره‌ى ئه‌نجامدا (خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى) ئه‌وه بۆى نیه سكاڵا له‌سه‌رى تۆمار بكات .
مه‌ڵا عه‌مار محه‌مه‌د ته‌یب وتار خوێنى مزگه‌وتى گه‌رِه‌كى (730) به‌رده‌رِه‌ش : په‌یوه‌ندى هاوسه‌ر گیرى په‌یمانێكى خوداییه‌و پێویسته له‌سه‌ر هه‌ردووڵایان زۆر به پاكى رایگرن و هه‌وڵبده‌ن كێشه‌ى تێ
نه‌كه‌وێت . به‌ڵام جێگاى داخه هه‌ندێكجار ژن یا پیاو رێگاى نا شه‌رعى ده‌گرێته به‌ر و دواى هه‌واو هه‌وه‌سى خۆى ده‌كه‌وێت و خیانه‌ت له‌و په‌یمان و متمانه‌ى خودایى و مرۆڤایه‌تى ده‌كات و ده‌بێته هۆى وێرانكردنى ئه‌و خێزانه .
خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى نه‌خۆشیه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و پێویسته هه‌موو هه‌وڵى ئه‌وه بده‌ن ئه‌م نه‌خۆشیه له‌ناوبچێت، به‌تایبه‌تى مامۆستایانى ئایینى و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى .
قورئانى پیرۆز له ئایه‌تى 21 سووره‌تى رۆم فه‌رموویه‌تى : ((ومن ایاته ان خلق لكم من انفسكم ازواجا لتسكنوا الیها وجعل بینكم موده ورحمه))، هه‌رگیز ده‌ربرِینێكى وا جوان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى هاوسه‌رگیرى نیه كه له‌م ئایه‌ته پیرۆزه فه‌رموویه‌تى (انفسكم) . ئینجا چ ژن یا پیاو چۆن ده‌بێت خۆى تووشى خیانه‌تى هاوسه‌رى بكات و خۆى رووره‌شى دونیا‌و قیامه‌ت بكه‌نت ؟!!
پێغه‌مبه‌رى ئیسلام محه‌مه‌د (د.خ) فه‌رموویه‌تى : ((الا ان لكم على نسائكم حقا، ولنسلئكم علیكم خقا، نحقكم علیهن ان لا یوگئن فرسكم من تكرهون، ولا یاژن فی بیوتكم لمن تكرهون )) .
ئه‌گه‌ر باش ئه‌م فه‌رمووده پیرۆزه بخوێنینه‌وه ده‌رده‌چێت كه ژن و پیاو هه‌ردووكیان ماف و ئه‌ركیان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ناو كۆمه‌ڵگاى ئێمه باوه‌و چووه به مێشكمان ژن به‌رده‌و كوێیله‌ى پیاوه شه‌و رۆژ بۆ پیاوه‌كه‌ى بكات !!
له‌رووى ئایینیه‌وه خیانه‌تى هاوسه‌رگیرى به دوو مه‌رج ده‌سه‌لمێنرێت :
1- الاقرار .. واته ژن یا پیاو به‌بێ توندوتیژى دان به‌م كاره‌ى بنێت .
2- الشهود .. (ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه‌و ده‌بێت به‌وردى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت)، ئه‌گه‌ر چوار پیاو له موسلمانان سه‌ربه‌ستبن و پیاوى خاوێنبن نه‌ك پیاوى گه‌نده‌ڵ . ئه‌م پیاوانه پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌ك چاویان به هینه‌كه‌ى پیاوه‌كه بكه‌وێت كه له‌ناو هینه‌كه‌ى ئافره‌ته‌كه‌بێت وه‌ك كلچیو له‌ناو كڵدان یان گوریس له‌ناو بیرى ئاو ئه‌وكاته رێگاى شه‌رعى ده‌گیرێته به‌ر له‌سه‌ریان به فه‌رمووده‌و ئه‌مرى خواى گه‌وره كه له قورئانى پیرۆز له ئایه‌تى ژماره 4 له سووره‌تى نور فه‌رموویه‌تى ((والژین یرمون المحێنات پم لم یاتوا باربعه شهداء ...))
لێره ده‌بێت بزانرێت سزاى تاوانبار به‌پێى ده‌ستوورى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌رێگاى یاسا‌و دادى دادوه‌ر جێبه‌جىَ ده‌كرێت نه‌ك من‌و تۆ .
هه‌زاران داخ و كه‌سه‌ر كه كچ و ژنانى ئێمه له كۆمه‌ڵگا بوونه‌ته قوربانى نه‌زانین و هه‌ندێك له كه‌ڵتورى ره‌ش و رزیو، ته‌نیا ئه‌گه‌ر شتێكى بچوك و بێ بنه‌ماش بێت له باره‌ى ئافره‌تێكه‌وه بوترێت به‌بَ سێ و دوو و لێكدۆلینه‌وه به شێوه‌یه‌كى درِندانه له‌ناوى ده‌به‌ن به‌ڵام پیاوه‌كه‌ى تاوانبار سمێل باده‌دات و كه‌س قسه‌ى له‌گه‌ڵ ناكات و به‌ڵكو زۆرجار خێزانى پیاوه‌كه شانازیش ده‌كه‌ن شه‌ره‌فى فلان خێزانه‌مان برد، هیوادارین حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانى ئافره‌تان و مافى مرۆڤ زۆر بایه‌خه‌وه به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ن و ئه‌گه‌ر بكرێت یاسا‌و رێنمایى پێویست ده‌ربكه‌ن بۆ له‌پێناو ماف خوراو ئه‌وه‌ى تاوانباره .
له‌كۆتایدا ده‌لێم ئه‌م بابه‌ته زۆر فراوانتره له‌وه‌ى به‌و چه‌ند دێره باس بكرێت، به‌ڵام سوپاسى رێزداران له‌سه‌نته‌رى رۆشنبیرى به‌رده‌رِش و به‌تایبه‌ت گۆڤارى خازرى ره‌نگین كه لێكۆلینه‌وه كه‌م و زۆر له‌م بابه‌ته گرنگانه ده‌كه‌ن، خواى گه‌وره پاداشتیان بدات و ئیتر به‌ره‌و كوردستانێكى سه‌ربه‌خۆ .